بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی پێنج شەممە “١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣” مامۆستای ئایینی سونە مەزەبی کورد محەممەد خزرنژاد ، لە بەندیخانەی ورمێ بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە ڕاگوێزراوە .
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ؛ ناوبراو لە رێی پەیوەندیەکی کورت ماوەی تەلەفۆنی به بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە لە بەندیخانەی ورمێ بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوێزراوە .
بە وتەی سەرچاوەیەک ، مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو بە هۆکاری ئەوەی ماڵی بنەماڵەکەی لە شاری سنەیە خۆیی خوازیاری ڕاگوێزانی بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە بووە .
ناوبراو لە رێکەوتی ٢١ی خەرمانی ١٤٠٣ لە ناڕەزایی بەرامبەر شێوەی دەستبەسەر کرانی و شێوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی و نادادپەروەرانە بوونی پڕوسەی لێپرسینەوە لە بەندیخانەی ورمێ مانی لە خواردن گرت و پاش بەڵێنی لێکۆڵەرانی ئەمنیەتی بۆ پێداچوونەوە بە داواکاریەکانی و ڕاگوێزانی بۆ بەندیخانەی سنە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا .
سزای سێدارەی مامۆستا خزرنژاد مامۆستای کوردی سوننە مەزەب کە لە لایەن لقی ٤١ی دادگای باڵای وڵاتەوە بە سەرۆکایەتی قازی "عەلی رازیانی" پشتڕاست کرابووەوە لە دادگای باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و بە یەک دەرەجە تەخفیف بە بەندکران گۆڕدرابوو .
مامۆستا محەممەد خزرنژاد ، لە رێکەوتی "٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢" لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی "رەزا نەجەف زادە" بە تۆمەتی "هەوڵدانی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگای زیان گەیاندن بە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی وڵات ، ئەفساد فی الاعرض و پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە ١٦ ساڵ بەندکران و لە سێدارەدان سزا درابوو .
کۆتا کۆبوونەوەی دادگایی کرانی محەممەد خزر نژاد لە خەزەڵوەری ئەمساڵ بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس و بە بێ مافی دەستپێڕاگەیشتنی بە پارێزەر بەڕێوە چوو .
ناوبراو لە ژووری تاکەکەسی گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرە ملێ ماوەی سێ مانگ و نیو لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جسمی و رۆحیدا بووە .
ئەم مامۆستا کوردە لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن ، ژیان ، ئازادی لە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١" لەگەڵ کوڕەکەی یاسر ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو .
مامۆستا خزر نژاد پاش قسەکردنی لە ڕێورەسمی یادکردنەوەی ئەسعەد رەحیمی لە گیانبەختکردووانی شۆرشی ژینا لە شاری بۆکان ، دەستبەسەر کرابوو .