فەردین مستەفایی ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان لە سەقز دەستبەسەر کرا

هانا : ڕۆژی چوارشەممە “٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٣” فەردین مستەفایی تەمەن ٣٩ ساڵ ، بەڕێوبەری کەناڵی تێلێگرامی “سەقز ڕووداو” و ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان و خەڵکی سەقز ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کراوە .

بە وتەی سەرچاوەیەک ، ناوبراو لە کافەیەک لە شاری سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە .

شایانی باسە ناوبراو پێشتر لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو ، بە هۆی بڵاو کردنەوەی هەواڵێکی سەبارەت بە کێشەکانی خەڵکی سەقز لە کەناڵی تێلێگرام ، لە لایەن فەرمانداری سەقزەوە سکاڵای لە سەر تۆمار کرابوو و لە لایەن پۆلیسی فەتای ئەم شارە بانگ کرابوو و بە تۆمەتی "بڵاو کردنەوەی بابەتی ناڕاست و تێکدانی بیر و ڕای گشتی" لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرابوو .

تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەر کران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم شارۆمەندە بەردەست نیە .

RELATED ARTICLES

Most Popular