هانا: ئەمڕۆ هەینی ١١ی خرمانانی ١٤٠١ بەندکراوێکی سیاسی کورد بە ناوی عەتا رەحمانزادە خەڵکی سەقز دوای کۆتایی هاتنی سزای بەندکرانی، لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کراوە.
شایانی باسە ناوبراو رۆژی پێنجشەممە ٦ی رێبەندانی ١٣٩٩ بۆ ناڕەزایەتی بە سووکایەتی کردنی تلویزیۆنی حکومەتی ئیسلامی ئێران (سەدا و سیما) بە جل و بەرگی کوردی، وەک زۆربەری خەڵکی کوردستان کاردانەوەی نیشان دابوو و بە جل و بەرگی کوردییەوە چووبووە مەیدانی "هەڵۆ"ی سەقز. هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لەوێ بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیان "عەتا رەحمانزادە"یان دەستبەسەر کردبوو.
بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پاراستنی زمان، کولتور و هێما نەتەوەییەکان مافی بێ ئەملاولای هەر تاک و گوروپ و نەتەوەیەکە و گرتنی شارۆمەندان لە سەر ئەمانە پێشیل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. بە پێچەوانە سووکایەتی کردن بە زمان، کولتور و هێما نەتەوەییەکان لە باری یاساییەوە لێپرسینەوەی هەیە.
