سەردار شاهمورادیان بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ؛ ڕۆژی شەممە “٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣” سەردار شاهمورادیان خەڵکی سنە لە دەستبەسەر کراوانی شۆڕشی ژینا بە دانانی بارمتەی حەوت ملیاردی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کراوە .

سەردار شاهمورادیان خوێندکاری تەمەن ٢٩ ساڵ لە جەریانی شۆڕشی ژینا لە رێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٤٠٣ لە شوێنی کارەکەی لەگەڵ لێدان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، سازمانی ئیتڵاعاتی سوپا لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیاندبوو کە سەردار شاهمورادیان لەگەڵ سێ شارۆمەندی دیکە بە ناوەکانی هۆشەنگ چەهار گورگە ، ئارام ئازاد و کەیوان زەندکەریمی لە پەیوەند لەگەڵ قەتڵی پۆلیسێک دەستبەسەر کراون .

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ، سەردار شاهمرادی لە گرتنگەی ئیتڵاعاتی سوپا لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە .
ئەشکەنجە درانی ئەم شارۆمەندە تاڕادەیەک قورس بووە کە لە یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییەکەیدا پاش تێپەڕ بوونی چەندین مانگ هێشتا شوێنەوارەکانی دیار بووە و قازی بە سەرنجدان بە شوێنەواری ئەشکەنجەکە ئەوی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کردبوو .
هەروەها لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە شکانی دەست و قاچ و لەگەن تا شین و ڕەش بوونی لەش و دەموچاو و ڕەش بوونی نینۆکەکانی بینراوە .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، دامودەزگا ئەمنییه کان بە بنەماڵەی ئەم شارۆمەندەیان ڕاگەیاندبوو کە سزای کوڕەکەیان "موحاربە و بەشداری لە قەتڵی هێزی ئەمنی" بووە و بنەماڵەکەیان خستبووە ژێر گوشارەوە کە سەبارەت بەم بابەتە لەگەڵ میدیاکان قسە نەکەن و کەس لەم بابەتە ئاگادار نەکەنەوە .

سەردار شاهمورادیان تەنیا یەک کۆبوونەوەی دادگایی لە رێکەوتی "٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣" لە دژی بەڕێوە چووە و لە تۆمەتەوەپاڵدراوەکان دژی ئەو زانیاریەک بەردەست نیە بەڵام ناوبراو بۆ دووبارە کردنەوەی چۆنیەتی تاوانەکە لە شوێنی تاوانەکە بۆ دەرەوەی بەندیخانە ڕاگوێزرابوو .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستا بەڵگەی پێویست کە سەلمێنەری بەشداری ئەم شارۆمەندانە لە تاوانی کوشتن بێت بوونی نیە و هێزە ئەمنییەکان بە وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و گوشار خستنە سەر ئەوان و بنەماڵەکانیان دەیانهەوێت دۆسیەیان بۆ درووست بکەن .

کەیوان زەندکەریمی و ئارام ئازاد بە دانانی بارمتەی ملیاردی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرابوو .

RELATED ARTICLES

Most Popular