هانا : ئازاد شوجاعی و ئیدریس ئالی ، هەردووکیان خەڵکی ئاوایی “دۆڵەگەرم”ی سەردەشت و رەسوڵ ئەحمەد محەمەد خەڵکی شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستانی عێراق ، لە لایەن دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێنراوە .
بە پێی زانیاریەکانی هانا ، ئەم دوو کەسە لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٢ ، لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شاری سەردەشت دەستبەسەر و بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتی ئیتڵاعاتی سوپا ڕاگوێزرابوون .
بە گوێرەی زانیاریەکان ، ئەم سێ کەسە لە ماوەی دەستبەسەر کرانیاندا بە مەبەستی وەرگیرانی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونیدا بوون . تاوانبارکراوان بە سیخوڕی مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و خزمەتگوزاری یاساییان نەبووە و دوای ٣ مانگ بەندکران بۆ یەکەمجار ڕێگایان پێدراوە پەیوەندیەکی زۆر کورت ماوەی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بکەن.
ئیدریس ئالی ، ئازاد شوجاعی و رەسوڵ ئەحمەدمحەمەد پاش ٨ مانگ دەستبەسەر بوون لە گرتنگتی ئەمنییەتیەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزران .
بە وتەی سەرچاوەیەک ، ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی خەریکی کاری کۆڵبەری بوون لە سنووری سەردەشت ، لەگەڵ رەسوڵ ئەحمەدمحەمەد کاسبکاری سنووری خەڵکی سلێمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ، سەرجەم تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی دژیان ڕەت دەکەنەوە بەڵام بە هۆی ئەشکەنجە و گوشارەکانەوە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و قەبوڵ کردنی سەرجەم تۆمەتەوەپاڵدراوەکان کراون .
بە پێی ئەو زانیاریانەی بە دەستمان گەیشتوون کۆبوونەوەی دادگایی کرانی ئەم سێ بەندکراوەیە لە رێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ ، لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی "شاهین" بەڕێوەچووە و لە سەرەتاکانی خەزەڵوەری هەمان ساڵ دەرکرانی سزای سێدارە بۆ هەرسێکیان ڕاگەینرابوو .
هەر لەمبارەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەسغەر جەهانگیری . وتەبێژی قوەی قەزاییە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا سەبارەت بە دۆسیەی کوژرانی "موحسێن فەخریزادە" بەبێ ئاماژەدان بە ناوی ئەم سێ بەندکراوە ڕایگەیاند ؛ ئێستا سێ کەس لە قۆناخی تانەدان دایە .
موحسێن فەخریزادە جێگری وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی و سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە و نوێکردنەوەی بەرنامەی هەستەیی کۆماری ئیسلامی بوو کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی رێکخراوی توێژینەوەی نوێی بەرگری(پژوهشهای نوین دفاعی) لە وەزارەتی بەرگری لە سەرماوەزی ١٣٩٩ ، لە شاری ئابسەرد کوژرا .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی جددی خۆیی سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی ئەو سێ کەسە لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتە دوژمنکارانەکانی نێوان حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی ئیسرائیل، داوای سەرنجی خێرای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ئەو پرسە دەکات .