هانا : ڕۆژی سێشەممە “٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣” سۆلماز حەسەن زادە خوشکی محەمەد حەسەن زادە لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا پاش ١٤ ڕۆژ دەستبەسەر کران و هەشت ڕۆژ مانگرتن لە خواردن بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کراوە .
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ؛ سۆلماز حەسەن زادە لە ڕۆژی سێشەممە "١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣" بە ناڕەزایی بەرامبەر درێژەی دەستبەسەر کرانی ، ناڕوونی چارەنوسی و هەروەها بێبەش کرانی لە مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشەنی بە پارێزەر لە ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ورمێ مانی لە خواردن گرتبوو .
ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣ کاژێر ١١ی بەیانی ناوبراو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرابوو .
شایانی باسە هێزە ئەمنییەکان دەستیان گرتووە بە سەر مۆبایلی سۆلماز و باوکی (ئەحمەد حسەن زادە) و پاشان دەستیان بە سەر مۆبایلی دایکیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە .
پێشتر سۆلماز حەسەن زادە لە رێکەوتی "٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢" لەگەڵ سێ شارۆمەندی دیکە بە ناوەکانی "شیرین رەزایی ، سیمین و خوشکی شیرین خەیات" لە سەیتەرەی بۆکان و سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ حوکمی دادگا دەستبەسەر کران و پاش چەن کاژێر لێپرسینەوە کاژێر دووی نیوە شەو ، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکان ئازاد کرابوون .
سۆلماز حەسەن زادە پێشتریش لە رۆژی سێشەممە "١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ " لە گەڵ باوکی "ئەحمەد حەسەن زادە" پاش بانگ کرانی بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکان دەستبەسەر کرابوو .
محەممەد حەسەن زادە تەمەن ٢٨ ساڵ لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ ، لە کاتی خۆپێشاندانی سەرتاسەری لە شاری بۆکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان گیانی لە دەستدا