بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : زیندانیەک بە ناسنامەی “کاوە فەرەجی” خەڵکی مەریوان ، بە هۆی نەخۆشی دڵەوە لە زیندانی سنەوە بۆ نەخۆشخانەی “تەوحید” ڕاگوێزراوە و لە ژێر چاوەدێری چڕی پزیشکەکانە .
سەرچاوەیکی ئاگادار لە گفتوگۆیەک لەگەڵ هانا زیادی کرد ، پسپۆڕان و پزیشکەکان بە بەرێز فەرەجییان ڕاگەیاندووە کە دۆخی دڵی ناجێگیرە و پێویستە بە زووترین کات بۆ نەخۆشخانەیەک لە تاران ڕاگوێزرێت و نەشتەرگەری بۆ بکرێت بەڵام بەرپرسانی زیندانی سنە ڕێگا بەو کارە نادەن و گیانی ئەم زیندانیە کوردە لە مەترسیدایە .
هەر وەها سەرچاوەکە زیادی کرد ، گیانی کاوە فەرەجی مەترسی لە سەرە و پێویستە بە زووترین کات بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ تاران ڕاگوێزرێت .
کاوە فەرەجی تەمەن ٤٢ ساڵ خێزاندار و باوکی سێ منداڵ و خەڵکی مەریوان لە رێکەوتی "٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢" لە لایەن هێزەئەمنیەکانەوە بێ پێدانی بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی لە مەریوان دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا .
