هانا: رۆژی چوارشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠١ – (٢٧ی ژولای ٢٠٢٢)، گوڵنار قەدیمخانی لە مامۆستایانی خۆشناوی سنە، ئاڕمین شەریفە چالاکی کرێکاری و هاوسەری ناوبراو هاوژین لەتیفی لەلایەن لقی ٢ی یانەی دادی سنەوە بۆ دوایین قسە و پارێزگاری لە خۆیان بانگ کرابوون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردوون.
بەپێی ئەم راپۆرتە تۆمەتی ئەو سێ شارۆمەندە "بانگەشە دژی نیزام" راگەیەندراوە. لەم کۆبوونەوەیەدا ٢٠٠ میلیۆن تمەن وەک بارمتە بۆ گوڵنار قەدیمخانی دیاریکراوە و بە دانانی بارمتەکەی بە شێوەی کاتی تا وەختی دادگایی کردنی ئازاد کراوە.
گوڵنار قەدیمخانی لە مامۆستایانی دێرین و خۆشناوی سنە و هاوسەری مزەفەر ساڵحنیا لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەری یەکێتی ئازادی کرێکارانی ئێرانە و رۆژی ٢٧ی گوڵانی ئەمساڵ هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکەیان و وێڕای گەڕان و پشکنینی ماڵەکەیان و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی تایبەت، ناوبراویشیان بۆ ئیتلاعات داوا کردبوو. گوڵنار قەدیمخانی پاش ئامادەبوونی لە ئیتلاعاتی سپا و چەند کاتژمێر لێپرسینەوە هەر ئەو رۆژە ئازاد کرابوو.
هەروەها رێکەوتی ٣١ی گوڵان هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپا رژابوونە ماڵی ئاڕمین شەریفە و هاوژین لەتیفی و دوای پشکنینی ماڵەکەیان و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی تایبەت، ئەوانیشیان دەستبەسەر کردبوو و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازادیان کردبوون.