هانا: رۆژی دووشەممە ٧ی خرمانانی ١٤٠١ – (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، چالاکێکی مەدەنی بە ناوی “ئارەزوو ئەمجەدی” لە ئەندامانی کەمپەینی “ژیانەوەی کوردستان” لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە داوا کراوە و کەوتووەتە بەر لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی مەئموورانی ئیتلاعات.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە رۆژی شەممە ٥ی خرمانان – (٢٧ی ئاگۆست) ئارەزوو ئەمجەدی لە رێگای پێوەندییەکی تەلەفونییەوە بانگ کرابووە ئیتلاعاتی سنە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە، زانیاری زیاتر لە سەر لێپرسینەوەی ئیتلاعات لە ئارزوو ئەمجەدی لەبەردەستدا نییە.
بەپێی بەندەکانی ٣ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، داوا کردنی ئارەزوو ئەمجەدی و باقی شارۆمەندان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە کە حکومەتی ئیسلامی ئیران خۆیشی واژۆی کردووە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.