هانا: رۆژی یەکشەممە ٦ی خرمانانی ١٤٠١، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی ئەشکان جەمشیدی خوێندکاری مێعماری و خەڵکی سنە بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە "ئەشکان جەمشیدی"یان قۆڵبەست کردووە و پاش تێپەربوونی حەوتوویەک لە گرتنی ناوبراو، هێشتاش هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و شوێن و هۆکاری دەستبەسەرکرانی لە بەردەستدا نییە.
بەپێی بەندەکانی ٣، ٩ و ١٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە لە خوارەوە وەک خۆی دایدەنێین، گرتنی سەرەڕۆیانەی شارۆمەندان و بێسەروشوێن کردنیان، پێشێل کردنی ئەشکرای مافەکانی مرۆڤە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٠ هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا.