هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی خرمانانی ١٤٠١، ئەندامێکی تری کەمپەینی “ژیانەوەی کوردستان” بە ناوی مەهدی سەیفی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی سنە گوازراوەتەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی خرمانان مەهدی سەیفی چالاکی مەدەنی و یەکێکی تر لە ئەندامانی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان" دوای ئەوەی بانگ کرابووە بەڕێوەبەرایەتی سزاکانی دادگای ئینقلابی سنە، بە مەبەستی وەرگرتنی مۆڵەت سەردانی دادگای کردبوو بەڵام هەر لەوێ دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوێزراوەتەوە.
شایانی باسە لە رۆژانی رابردوودا چەند کەسی تر لە ئەندامانی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان بە ناوەکانی فەردین رەحیمی، مەرزییە مرادوەیسی و عەلی ئەڵڵاوەیسی لە چالاکانی مەدەنی و ئەندامی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان" لەلایەن مەئموورانی حکومەتەوە دەستبەسەر و بۆ جێبەجێکرانی سزاکەیان رەوانەی بەندیخانە کراون.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، مەرزییە مرادوەیسی عەلی ئەڵڵاوەیسی، فەردین رەحیمی، مەهدی سەیفی و سیروان عەبدوڵڵاهی وێڕای سێ کەسی تر بە ناوەکانی قانع خاتری، عەتا رەزاروبابی و موحسین پەناهی لە ئەندامانی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"ـن.
ئەم شارۆمەندانە لە رێکەوتی ٤ی گوڵانی ١٤٠٠ – ٢٤ی ئاپریلی ٢٠٢١ لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە سنە سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کران و پاش چەندین رۆژ بێ هەواڵی لە چارەنووسیان و بێ بەش بوون لە مافە سەرەتاییەکانیان ئازاد کران.
دواتر لە رێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ – ٢٩ی مەی ٢٠٢٢ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی قازی سەعیدی بێ ئەوەی خۆیان لە دادگا ئامادە بن تۆمەتی "بانگەشە دژی حکومەتی ئیسلامی" و "هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردستان" و هەروەها "پێکهێنانی گورووپی نایاسایی" درایە پاڵیان. بەپێی بڕیاری دادگا ئەو حەوت کەسە واتە قانع خاتری، مەرزییە مرادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی، مەهدی سەیفی، فەردین رەحیمی و عەلی ئەڵڵاوەیسی هەر کامەیان سزای دوو ساڵ بەندکراونیان بە سەردا سەپا و عەتا رەزاروبابی سزای دوو ساڵی بەندکرانی بە شێوەی هەڵپەسێراو بۆ بڕایەوە.
رۆژی یەکشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ – ٣ی ژولی ٢٠٢٢، قانع خاتری دوای ئەوەی ملی بە بڕیاری دادگا دا ٦ مانگ لە سزاکەی داشکا و دوای داواکرانی بۆ لقی یەکی جێبەجێ کردنی یاسای دادگای ئینقلابی سنە، دەستبەسەر و رەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کراوە.
پێنج ئەندامی دیکەی ئەم کەمپەینە بە ناوەکانی سیروان عەبدوڵڵاهی، مەرزییە مرادوەیسی، فەردین رەحیمی، عەلی ئەڵڵاوەیسی و مەهدی سەیفی دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بڕیاری دادگا سزای هەر کامەیان بۆ جێبەجێکرانی پێنج مانگ بەندکران و ٤ ساڵیش بە شێوەی هەڵپەسێردراو داشکا.
بەپێی بەندەکانی ٣ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، گرتن و بەندکردنی ئەم شارۆمەندانە پێشێلکرانی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.