هانا: سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە ١٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ شارۆمەندێکی کورد بە ناوی ئاترین ئازەرفەر، هونەرمەند و گرافیست و خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
شایانی باسە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی حکومەتی ئیسلامی ئێران و هەوڵی حکومەت بۆ ئاشکرا نەبوونی ئەم قەتڵە و پەردەپۆش کردنی، لە سەقز و شارەکانی کوردستان ناڕەزایەتی و مانگرتنی گشتی دەستی پێ کرد و پاشان ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە سەراسەری ئێرانی گرتەوە و ئێستا بۆ ماوەی مانگێک زیاترە درێژەی هەیە.
لەم ماوەیەدا هەزاران کەس دەستبەسەر کراون و سەدان کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومتی ئیسلامی گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش بریندارن بوون.
