هانا: رۆژی شەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠١- (١٦ی ژولای ٢٠٢٢)، دوو کەس لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایان بە ناوەکانی “شەهریار نادری” خەڵکی پاوە و نیشتەجێی سنە، چالاکی پیشەیی مامۆستایان و مامۆستای وانەی فیزیک لە خوێندنگەکانی کرماشان و هەروەها “بێهزاد قەوامی” لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – سنە و کەڵاتەرزان، لە نامەیەکدا داوایان لێ کراوە بە مەبەستی دوایین وتە و پاریزگاری لە خۆیان سەردانی لقی ٢ی یانەی دادی سنە بکەن.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، داوا لەم دوو شارۆمەندە کراوە لە ماوەی پێنج رۆژدا سەردانی لقی ٢ی یانەی دادی سنە بکەن.
شەهریار نادری رۆژی پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و رۆژی چوارشەممە ٨ی پووشپەڕ تا کۆتایی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە پەروەندەکەی لە گرتووخانەی سنە بە زەمانەت ئازاد کرابوو.
بێهزاد قەوامی رۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠١ – (١٦ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و رۆژی پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، تا کۆتایی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.