سنە: داوا کردنی بەندکراوانی نەورۆز بۆ دادگا 

هانا: ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی خرمانانی ١٤٠١ – (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، سێ کەس لە بەندکراوانی نەورۆزی سنە بە ناوەکانی “ئاڕمان سەلیمی، ئومید ئەسەدی و ئومید شێخی” داوا کراونە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم سێ شارۆمەندە هەر کامەیان لە رێگای نامەیەکەوە ئاگادار کراونەوە سەردانی لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە. 

لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە قازی دادگای پێداچوونەوە بەڵێننامەی بە "ئاڕمان سەلیمی، ئومید ئەسەدی و ئومید شێخی" واژۆ کردووە لە ئەگەری بەشداری کردنیان لە کۆڕ و کۆبوونەوە و رێوڕەسمەکاندا سزای بەندکرانیان بە سەردا دەسەپێ. 

شایانی باسە ئاڕمان سەلیمی، ئومید ئەسەدی و ئومید شێخی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە لە سنە بە هۆی بەشداری کردنیان لە رێوڕەسمی نەورۆز دەستبەسەر کرابوون. 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە ئاڕمان سەلیمی باوکی "ئارینا سەلیمی" تەمەن ١٤ ساڵ کە رۆژی سێشەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (٢٢ی مارسی ٢٠٢٢)، لە بەندیخانە ئازاد کرا و دەستەوبەجی باوکی ئارینا واتە ئاڕمان سەلیمی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. هەروەها ئومید ئەسەدی رۆژی چوارشەممە ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (٢٣ی مارسی ٢٠٢٢)، دوای ئەوەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە داوا کرابوو، دەستبەسەریان کردبوو. 

هەروەها ئەم شارۆمەندانە، رۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (٧ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون و لە ماوەی بەندکرانیاندا لە هەر جۆرە مافێکی سەرەتایی و ئینسانی وەک بوونی پارێزەر بێبەش کرابوون. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular