هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ٢١ چالاکی کرێکاری لە ئەندامانی کومیتەی هاوئاهەنگی رێکخستنەکانی کرێکاران و چالاکانی مەدەنی لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە داوا کراون.
بەپێی ئەم راپۆرتە لە درێژەی داواکرانی چالاکانی کرێکاری و مەدەنی سنە، رۆژی پێنجشەممە ١٠ی خرمانانی ١٤٠١ – ١ی سیپتەمبری ٢٠٢٢، حەوت کەس لە چالاکانی کرێکاری و مەدەنی سنە دوای بانگ کردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە سەر ئەوەی لە رێوڕەسمی بە خاک سپاردنی بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی "خەلیل ئەحمەدی" بەشداریان کردووە، لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردوون.
تا ئێستا ناسنامەی ١٠ کەس لەو شارۆمەندانە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاشکرا بووە کە بەم جۆرەی خوارەوەن:
١ خەبات دێهدار
٢ زاهید مرادیانی
٣ نامیق باباخانی
٤ هاشم رۆستەمی
٥ سەید خالید حسێنی
٦ سەید غالب حسێنی
٧ مزەفەر ساڵحنیا
٨ حەبیبوڵڵا کەریمی
٩ ئاڕمان ئەوێهەنگ
١٠ رێبوار عەبدوڵڵاهی
لە ئەگەری گەیشتنی ناوی ئەو شارۆمەندانەی دیکە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بڵاوی دەکاتەوە.
شایانی باسە، ژمارەیەک لەو چالاکانە پێشووتر و بە بۆنەی جیاوازەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر یا داوا کرابوون.
بەپێی بەندەکانی ٣، ٥، ٩ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ داواکران و لێپرسینەوە یا دەستبەسەرکرانی ئەم شارۆمەندانە پێشێلکرانی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.