بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : سزای لە سێدارەدان و سزای ١٦ ساڵ بەندکرانی مامۆستا “محەممەد خزر نژاد” مامۆستای ئایینی کوردی سونە مەزەب لە لایەن لقی ٤١ی دادگای باڵای وڵاتەوە بە سەرۆکایەتی قازی “عەلی رازیانی” پشتڕاست کرایەوە .
مامۆستا محەممەد خزر نژاد ، لە رێکەوتی "٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢" لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی "رەزا نەجەف زادە" بە تۆمەتی "هەوڵدانی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگای زیان گەیاندن بە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی وڵات ، ئەفساد فی الاعرض و پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە ١٦ ساڵ بەندکران و لە سێدارەدان سزا درابوو .
کۆتا کۆبوونەوەی دادگایی کرانی محەممەد خزر نژاد لە خەزەڵوەری ئەمساڵ بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس و بە بێ مافی دەستپێڕاگەیشتنی بە پارێزەر بەڕێوە چوو .
ناوبراو لە ژووری تاکەکەسی گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرە ملێ ماوەی سێ مانگ و نیو لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جسمی و رۆحیدا بووە .
ئەم مامۆستا کوردە لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن ، ژیان ، ئازادی لە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١" لەگەڵ کوڕەکەی یاسر ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو .
مامۆستا خزر نژاد پاش قسەکردنی لە ڕێورەسمی یادکردنەوەی ئەسعەد رەحیمی لە گیانبەختکردووانی شۆرشی ژینا لە شاری بۆکان ، دەستبەسەر کرابوو .