لە درێژەی شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەر کردنەکان لە شاری شنۆ ڕۆژی سێشەممە “١٨ی گوڵانی ١٤٠٣”، شارۆمەندێکی کورد بە ناسنامەی “سەید ئەیوب موسەوی”، تەمەن ٢٥ ساڵ ، کوڕی سەید جەلال ، بەندکراوی سیاسی پێشوو و خەڵکی گوندی “میرئاوا”ی شنۆ دوای بانگ کرانی بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی سوپای ئەم شارە دەستبەسەر کرا .
سەید ئەیوب موسەوی لە ساڵی ٩٧ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و لە ساڵی ٩٨ لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێ ، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە "حزبەکانی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران" بە سێ ساڵ و 6 مانگ بەندکران مەحکوم کرا .
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ناوبراو لە ساڵی ٩٨ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە و دواجاریش لە ساڵی ١٤٠٠ لێبوردنی مەرجداری پێدراوە و لە بەندیخانە ئازاد کراوە .