بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : شەوی هەینی “٢٨ی گوڵانی ١٤٠٣” خالد مەحموودی خەڵکی ئاوایی “شان ڕەش” و دانیشتوویی جوانڕۆ و لە دەستبەسەر کراوانی شۆڕشی ژینا لە لایەن هێزەکانی جلوبەرگ مەدەنیەوە و بە بێ پێدانی حوکمی دادگا دەستبەسەر کراوە .
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ، ناوبراو لە لایەن هێزەکانی جلوبەرگ مەدەنیەوە و بە ئۆتۆمبێلێکی سەمەندی سپی ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە .
پێویستە وەبیر بهێنرێتە کە ناوبراو پێشتر لە شۆڕشی ژینا لە ڕێکەوتی "یەکی سەرماوەزی ١٤٠١" لە ماڵی یەکێک لە هاورێکانی لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرا و لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .
ئەم شارۆمەندە زیاتر لە مانگێک لە ژووری تاکەکەسی گرتنگەی سوپای کرماشان لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بوو بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ و لێکۆڵەڕان ناچاریان کردبوو رێبەری بەشێک لە ناڕەزاییەکانی جوانڕۆ و بەشداری لە ئاگرتێبەردانی ماڵی بەسیجیەک لەم شارە لە ئەستۆ بگرێت .