هانا: بەپێی هەواڵی راگەیەندراو لەلایەن شوڕای هاوئاهەنگی رێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان، شەعبان محەممەدی مامۆستای بەندکراو کە بە سیناریۆسازی هێزە ئەمنییەکان لە سێ مانگ لەوەپێشەوە دەستبەسەر و لە ژووری تاکەکەسی بەندی ٢٠٩ی بەندیخانە بەندکراوە، لە پێوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوسەرەکەی لە ناجێگیر بوونی دۆخی تەندروستی خۆی ئاگاداری کردۆتەوە.
بەپێی وتەکانی هاوسەری شەعبان محەممەدی، ناوبراو لە بارودۆخێکی نالەباردایە و ریخۆڵە و گورچیلەکانی ئازاری زۆری دەدەن و پێویستە لە زووترین کاتدا لە خزمەتگوزاری پزیشکی و دەوا و دەرمانی پێویست بەهرەمەند بێ. شەعبان محەممەدی رایگەیاندووە دەستی بە دەرمانە تایبەتەکانی راناگا و سەرەڕای داواکاریی ناوبراو بەڵام دەرمانەکانیان بۆ گۆڕیوە و ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی باری تەندروستی تێکبچێ. بەم هۆیەوە جگە لە تێکچوونی دۆخی تەندروستی، کارێگەی لە سەر چاوەکانیشی داناوە سۆمای چاوی کز بوون. هەروها شەعبان محەممەدی رایگەیاندووە بەندکرانی درێژ ماوە و ئەشکەنجەی دەروونی و رەوانی لە ناو ژوورە تاکەکەسییەکاندا کاریگەریی کردووەتە سەر بیر و هۆشی و لە مەترسی نەخۆشی بیرچوونەوە و فەرامۆشیدایە.
هەروەها رایگەیاندووە، لە ئەگەری درێژەی ئەم دۆخە و نەدانی خزمەتگوزاری پزیشکی و درێژەی بەندکرانی نایاسایی، لە رۆژی شەممە ١٥ی گەلاوێژەوە مان لە خواردن و خواردنەوە دەگرێ. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەم چالاکە پیشەییە پێویستیی هەنووکەیی بە خزمەتگوزاری پزیشکی و دەوا و دەرمانەکانی هەیە، ئەم جۆرە مانگرتنە کاریگەریی مەترسیدار لە سەر دۆخی تەندروستی ناوبراو دادەنێ و بەرەو ئاقارێکی دیکەی دەبا. ئەم هەواڵە بووەتە هۆکاری نیگەرانی بنەماڵە و خزم و دۆست و هاوکاران و چالاکانی پیشەیی شەعبان محەممەدی.
شوڕای هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی پیشەیی و فەرهەنگی ئێران لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا نیگەرانی خۆی لە دۆخی خراپی تەندروستی ئەم مامۆستا بەندکراوە راگەیاندووە و بەرپرسایەتی گیانی ئەوی خستووەتە ئەستۆی بەرپرسانی داد و قەزایی و بەرپرسانی بەندیخانە. ئەم شوڕایە وێڕای ئەوەی داوای کردووە مافی تۆمەت لێدارو و بەندکراو لەلایەن دەزگای داد و قەزاییەوە دەبێ پارێزراو بێ، داوای کردووە دادگایی کردنی ئەم مامۆستایە و چالاکانی پیشەیی تر و مامۆستایانی بەندکراو بە شێوەی ئاشکرا و بە بەشداری لێژنەی بێ لایەن و دادپەروەر بەڕێوەبچێ تا راستی و دروستی و بێ تاوانی چالاکانی پیشەیی و مامۆستایان بۆ رای گشتی خەڵکی ئێران دەربکەوێ.