تاران: دەستبەسەرکرانی لاوێکی کورد لە بەر نەخۆشخانەی کەسرا 

هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئێوارەی رۆژی هەینی ٢٥ی خرمانانی ١٤٠١، لاوێکی کورد بە ناوی زانیار محەممەدنژاد تەمەن ٢٤ ساڵ و نیشتەجێی تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە بەر دەرکای نەخۆشخانەی کەسرا دەستبەسەر کراوە. 

شایانی باسە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەرگی ژینا ئەمینی (مەهسا)  کە رۆژی سێشەممە ٢٢ی خرمانان لەلایەن هێزەکانی "گەشتی ئیڕشاد" لە تاران دەستبەسەر کرابوو و بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری زۆرەوە وشیاری خۆی لەدەستدابوو، خەڵک بۆ ناڕەزایەتی لە بەر دەرکای نەخۆشخانەی کەسرا کۆبوونەوە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە زانیار محەممەدنژاد وێڕای ئەم خەڵکە لە بەر دەرکی نەخۆشخانەی کەسرا بووە و هێزە ئەمنییەکانی حکومەت دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. 

جێگای ئاماژەیە بریندار کردنی ژینا ئەمینی کاردانەوەی بەرینی لە کوردستان، ئێران، و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە ئاستی جیهانیشدا لێ کەوتەوە و بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەرگی ژینا ناڕەزایەتی زۆری لێ کەوتووەتەوە و بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆ و ئەو راپۆرتانەی بڵاوبوونەوە لە بەشێکی زۆر لە شەقامەکانی تاران خۆپیشاندان و لە سەربانی ماڵەکانیش دروشمی دژی خامنەیی و حکومەتیان وتووەتەوە. 

هەر لەم پێوەندییەدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان بۆ رۆژی دووشەممە ٢٨ی خرمانان راگەیاندووە. هەروەها رێکخراو و ناوەندگەلی مەدەنی و ژینگەپارێزی سەقز و سنە ئەم کردەوەیان بە توندی مەحکوم کردووە و خوازیاری دادگایی کردنی بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی کوشتنی ژینا ئەمینی بوون. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular