بە گوێرەی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : ڕۆژی چوارشەممە “٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣” بەهمەن نادری بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان ئازاد کراوە .
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە دەست هانا گەیشتوون ؛ ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٣ هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سوپا بەبێ پێدانی حوکمی دادگا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بەهمەن نادری و پاش پشکنینی ماڵەکەی ئەویان دەستبەسەر کردووە و پاشان بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتڵاعاتی سوپای کرماشان ڕایانگوێزاوە .
ناوبراو پاش کۆتایی هاتی قۆناخەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتڵاعاتی سوپاوە بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرابوو .
شایانی باسە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی بەهمەن نادری بە هۆی چالاکیەکانی بە بڕیاری دادگا داخراوە .
بەهمەن نادری لە دایکبوویی ساڵی ١٣٦٩ ، خێزاندار باوکی دوو منداڵ و خەڵکی کرماشانە .
ناوبراو پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە شەش مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی هەشت ملوێن تمەن سزای نەخدی ، سزا درا و سزاکە لە رۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بە ئەم شارۆمەندە ڕاگەینرابوو .
ناوبراو لە رێکەوتی "٢١ی خەرمانانی ١٤٠٢" لە کاتی ساڵیادی شۆڕشی ژن ، ژیان ، ئازادی ١٤٠١ ، لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و پاش یەک هەفتە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .
هەر وەها ئەم شارۆمەندە کوردە ڕۆژی یەکشەممە "٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢" پاش بانگ کران بۆ لقی چواری لێکۆڵەری دادسەرای گشتی و شۆڕشێ کرماشان بە هۆی بڵاو کردنەوەی بانگەواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان ، تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت"ی ڕووبەڕوو کرایەوە و لە کۆتایدا بە دانانی بامتەی ٤٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .