بەندیخانەی ورمێ / مەسعود حاجی زادە بەندکراوی سیاسی کورد مەرەخەسی پێدرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : شەوی دووشەممە “٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣” ، بەندکراوی سیاسی کورد مەسعود حاجی زادە تەمەن ٤٦ ساڵ کوڕی مەدەنی ، خێزاندار و خاوەن پێنج منداڵ خەڵکی ئاوایی “یەنگیجە”ی سەر بە سۆمابرادۆستی شاری ورمێ ، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ماوەی سێ ڕۆژ مەرەخەسی پێدراوە .

ناوبراو شەوی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ سکی ، بێ تێپەڕ کرانی قۆناخەکانی دەرمانی بۆ بەندیخانەی ورمێ گەڕێندرابووەوە .

پێویستە وەبیر بهێنرێتەوە کە ناوبراو بە هۆی ئەشکەنجە کرانی لە لایەن هێزەکانی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بەشێک لە سکی دڕابوو .
مەسعود حاجی زادە ڕۆژی یەکشەممە "١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣" بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بە دانانی بارمتەی سێ ملیارد تمەنی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرابوو .
ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حزبەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران" سزای ١٠ ساڵ و رۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و پاشان لە دادگای پێداچوونەوە ئەم سزایە بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران داشکابوو . 
شایانی باسە لە رێکەوتی  ١٦ی رەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) هێزە ئەمنیەکان بێ بەڵگەی یاسایی رژابوونە ماڵی مەسعود حاجی زادە لە ورمێ و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر موبایلەکەیدا گرتبوو و وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەشکەنجە و ئازاری زۆریشیان دابوو و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنییەتی ئەو شارەیان رەوانە کردبوو ، پاشان رۆژی پێنجشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ – (٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) پاش کۆتایی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو .

RELATED ARTICLES

Most Popular