هانا: رۆژی هەینی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠١- (١٥ی ژولای ٢٠٢٢)، شەعبان محەممەدی ئەندامی لێژنەی بەڕێوبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستانی کوردستان – مەریوان، لە بەندی ئەمنی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینی تاران بۆ بەندی گشتی گوازراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، شەعبان محەممەدی لە پێوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی رایگەیاندووە، لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندی گشتی ئەو بەندیخانەیە گوازراوەتەوە. هەروەها لەو پێوەندییە تەلەفونییەدا مەئموورانی بەندیخانە شەعبان محەممەدی و بنەماڵەکەیان ناچار کردووە بە زمانی فارسی بئاخڤێن و بدوێن.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە شەعبان محەممەدی رۆژی چوارشەممە ٢١ی گوڵانی ١٤٠١ – (١١ی مەی ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە مەریوان دەستبەسەر و رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گوڵان رەوانەی گرتووخانەی ئەمنی سنەیان کردبوو.
هێزە ئەمنییەکانی حکومەت رۆژی شەممە ١٤ی جوزەردانی ١٤٠١ – (٤ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، شەعبان محەممەدی و مەسعود نیکخا کە هەرکیان ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوانن، لە بەندیخانەی سنەوە گواستیاننەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین لە تاران.
شایانی باسە مەسعود نیکخا و ئەسکەندەر لوتفی لە ناوەڕاستی پووشپەڕی ئەمساڵدا لە بەندی ئەمنی و تاکەکەسی ٢٤٠ بۆ بەندی گشتی بەندیخانەی ئێڤین گوازرابوونەوە.