هانا: بەپێی ئەو هەواڵانەی ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠١ – (٢٨ی ژولای ٢٠٢٢) لە ناوخۆی بەندیخانەوە گەیشتوون، بەرپرسانی بەندیخانەی تارانی گەورە لە کردەوەیەکی نامرۆڤانە و پێشێلکارانەی مافەکانی مرۆڤدا، رێگرییان لە گەیاندنی دەوا دەرمانی “دوکتور ناسر فەهیمی” بەندکراوی سیاسی کردووە کە نەخۆشینی دڵی هەیە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
دوکتور ناسر فەهیمی گەلێک جار لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە کەوتووەتە بەر رەفتاری نامرۆڤانە و دوژمنکارانە و هەر جارەی بە جۆرێک رێگرییان کردووە لە گەیاندنی دەوا و دەرمان و پێداویستییەکانی.
بەپێی ئەم راپۆرتە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی هاناوە، رەفتاری نامرۆڤانە و پێشێلاکارانەی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن بەشێک لە مەئموورانی بەندیخانەوە، بە فەرمانی بەرپرسانی قەزایی و حیفازەت ئیتلاعاتی بەندیخانە بۆ نموونە (شەریعەتی و کەمەرەیی) بەڕێوە دەچێ.
ئەم پزیشکە کوردە سەرەتا ساڵی ١٣٧٧ لە ناڕەزایەتییەکانی پێوەندیدار بە پشتیوانی لە عەبدوڵڵا ئۆجالان و مەحکوم کردنی دەوڵەتی تورکیە، بۆ ماوەی دوو مانگ دەستبەسەر کرابوو. هەروەها ساڵی ١٣٨٩ پاش ٢١ رۆژی بەندکران لە شوێنێکی نادیار بۆ گرتووخانەی ٢٠٩ گوازرابۆوە.
ساڵی ١٣٩٣ بە تۆمەتی "بەڕیوەبەرایەتی گورووپی دژی نیزامی ئیسلامی" لەلایەن ئەبولقاسم سەڵەواتییەوە دە ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ساڵی ١٣٩٤ بە تۆمەتی "سووکایەتی بە بەرپرسانی داد" شەش مانگ بەندکران و ٧٤ زەبری شەللاقی بۆ بڕابۆوە و ناوبراو بۆ ماوەی ساڵێک لە بەندیخانەی فەشافوویە بەند کرابوو. ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە بەردەوام لە خزمەتگوزاری پزیشکی و دەوا و دەرمان بێبەش کراوە.
برای ئەم پزیشکە بەندکراوە بە ناوی ئارام فەهیمی گەلێک جار لەلایەن وەزاڕەتی ئیتلاعاتەوە بانگ کراوە و هەڕشە و گوڕەشەی لێکراوە و لە ژێر گوشار و زەخت و زۆردا بووە.