هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە خۆپیشاندانی جەماوەری خەڵکی بۆکان بۆ ناڕەزایەتی بە کوشتنی ژینا ئەمینی، هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەتی ئیسلامی ئێران ڕێکەوتی ٢٨ی خرمانانی ١٤٠١ شێرزاد عەبدوڵڵاپوور تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، شێرزاد عەبدوڵڵاپوور سەرباز بووە و بۆ مەرەخەسی هاتووەتەوە ماڵی باوکی لە بۆکان. لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکاندا بە تۆمەتی ئەوەی لە خۆپیشاندانەکان بەشداری کردووە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
شایانی باسە، سەرەڕای بەدواداچوونی دایک و باوکی پیر و بەساڵاچووی شێرزاد عەبدوڵڵاپوور و هاتوچۆیان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لە سەر چارەنووس و شوێنی بەندکرانی رۆڵەکەیان پێ نەداون.
جێگەی ئاماژەیە شێرزاد عەبدوڵڵاپوور مافی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی پێ نەدراوە.