هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، رێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠١ – (١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) “جەلال ئەمینی” و کچەکەی بە ناوی “پەریسا ئەمینی” تەمەن ٢١ ساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کراون و تا کاتی گەیشتنی ئەم راپۆرتە زانیاری لە سەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.
رێکخراوی هانا پێشتریش هەواڵی پێوەندیدار بە دەستبەسەر کرانی جەلال ئەمینی هاوسەری عەزیمە ناسری و کچەکەیان پەریسا ئەمینی بڵاوکردبۆوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، جەلال ئەمینی لە ناو شار و لە سەر یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان و هەروەها پەریسای کچی لە ماڵەکەی خۆیان سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراون.
سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەکان لەلایەن بنەماڵەکەیانەوە بە مەبەستی ئاگادار بوون لە چارەنووسیان، هێشتاش هیچ زانیارییەکیان لە سەر چارەنووس و شوێنی دەستبەسەر کرانی پەریسا ئەمینی پێ نەدوان بەڵام دەرکەوتووە جەلال ئەمینی لە ئیتلاعاتی بۆکان بەند کراوە. شایانی باسە ئەم دوو شارۆمەندە هەرکیان لە مافی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێ بەشن.