باوک و خوشکی محەممەد حەسەن زادە لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران

بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : ئەمڕۆ سێشەممە “٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣” ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان و هێزە جلوبەرگ مەدەنیەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی گیانبەختکردوو محەممەد حەسەن زادە و سۆلماز حەسەن زادەیان لەگەڵ لێدان دەستبەسەر کردووە .

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆ لەگەڵ هانا ڕایگەیاند ؛ کاژێر یەکی نیوەڕۆ ئەحمەد حەسەن زادە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەکەی لە لایەن همان هێزەوە لەگەڵ لێدان دەستبەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە .

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد ، هێزە ئەمنییەکان دەستیان گرتووە بە سەر مۆبایلی سۆلماز و باوکی و پاشان دەستیان بە سەر مۆبایلی دایکیشیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە .

تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی ڕاگیرانی ئەم باوک و کچە بەردەست نیە .

شایانی باسە پێشتر سۆلماز حەسەن زادە لە رێکەوتی "٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢" لەگەڵ سێ شارۆمەندی دیکە بە ناوەکانی "شیرین رەزایی ، سیمین و خوشکی شیرین خەیات" لە سەیتەرەی بۆکان و سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ حوکمی دادگا دەستبەسەر کران و پاش چەن کاژێر لێپرسینەوە کاژێر دووی نیوە شەو ، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکان ئازاد کرابوون .

سۆلماز حەسەن زادە پێشتریش لە رۆژی سێشەممە "١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ " لە گەڵ باوکی "ئەحمەد حەسەن زادە" پاش بانگ کرانی بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکان دەستبەسەر کرابوو .

محەممەد حەسەن زادە تەمەن ٢٨ ساڵ لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ ، لە کاتی خۆپێشاندانی سەرتاسەری لە شاری بۆکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان گیانی لە دەستدا .

RELATED ARTICLES

Most Popular