بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : رۆژی یەکشەممە “٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣” ئەیوب جەوانپوور خەڵکی سەقز پاش ١٥ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کراوە .
ئەیوب جەوانپوور ڕۆژی شەممە ٢٢ی ژوئیەی ٢٠٢٣ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتی قازی "کەیوان جەهانی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە ساڵێک بەندکرانی تەعزیری ، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی" بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری ، بە تۆمەتی بێڕێزی بە رێبەری کۆماری ئیسلامی بە دوو ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "بەڕێوبردنی زیاتر لە دوو کەس لە ناوخۆی وڵات بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" بە ١٠ ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درابوو .
پاش دەربڕینی ناڕەزایی بەم سزایە دۆسیەی ئەم چالاکە مەدەنیە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کرا و سزاکەی بۆ سێ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە .
شایانی باسە ناوبراو لە رێکەوتی ١٠ی ژوەنی ٢٠٢٣ لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە ماڵەکەی لە سەقز دەستبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە کرا و پاش کۆتایی هاتنی قۆناخەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزرابوو .