ئازاد عەباسی چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولان بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : ئەمڕۆ پێنج شەممە “١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣” ئازاد عەباسی  چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی دێولان ، دوای بانگ کرانی بۆ لقی جێبەجێ کاری سزاکانی دادگای قوروە دەستبەسەر و بۆ تێپەڕ کردنی دوو ساڵ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی قوروە ڕاگوێزراوە .

ئەم چالاکە مەدەنیە لە رێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ ، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری دووی دێولان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە ساڵێک بەندکرانی تەعزیری و بە تۆمەتی بێڕێزی بە ڕێبەر بە ٤٨ مانگ بەندکران" ، سزا درابوو .

ئازاد عەباسی لە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان لە رێکەوتی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ ، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کرابوو .

ئەو هەروەها لە رێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢ ، پاش بانگ کرانی بۆ دادگای شۆڕشی سنە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکران ، بۆ بەندیخانەی قوروە ڕاگوێزرابوو .

ناوبراو لە رێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ ، لە لایەن دادگای کەیفەری دێولانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت بە ١٠ ساڵ بەندکران ، تێکدانی نەزمی گشتی بە ١٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی کۆبوونەوە پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی" بە ٤٨ مانگ بەندکران سزا درابوو .

 
شایانی باسە ناوبراو لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ دەستبەسەر کرا و پاش کۆتایی پرۆسەی لێپرسینەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی سنە و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو .

RELATED ARTICLES

Most Popular