ئازادکرانی مەسعود نیکخا و شەعبان محەممەدی بە شێوەی کاتی و ٤ میلیارد تمەن بارمتە 

بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، شەعبان محەممەدی و مەسعود نیکخا لە چالاکانی پیشەیی و مامۆستایانی مەریوان هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەن تا کاتی دادگاییەکەیان لە بەندیخانەی ئێوینی تاران ئازاد کران. 

ئەم دوو چالاکە پیشەییە لە بەرەبەری رۆژی جیهانی مامۆستایان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە لەگەڵ ئەسکەندەر لوتفی دەستبەسەرکران. 
جێگای ئاماژەیە هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران لە کاتی گرتنی ئەم سێ چالاکە پیشەییە ئەشکەنجە و ئازاریان دابوون و هەروەها لە ماوەی بەندکرانیشیاندا لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان وەک بەهرەمەند بوون لە مافی پارێزەر بێ بەش کراون. 
شایانی باسە ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران تۆمەتی ئەمنییەتی بۆ وێنە هاوکاری لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەکانی وڵاتانی دەرەوەیان دابووە پاڵ ئەم سێ چالاکە پیشەییە و لە بەرامبەردا ئەوانیش ئەم تۆمەتەیان رەت کردووەتەوە و نەچوونە ژێر باری.  

شایانی باسە مامۆستایانی خوێندنگەکانی ئێران و کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا و بە تایبەت لە مانگەکانی رابردوودا بۆ ناڕەزایەتی بە جێبەجێ نەکرانی داواکارییەکانیان خۆپیشاندان و ئاکسیۆنیان بەڕێوەدەبرد. بەڵام وەڵامی حکومەت و دەزگای قەزایی و ئەمنییەکان زمانی سەرکوت و زەبروزەنگ و گرتن و ئەشکەنجە بوو و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان دەستبەسەر کران و تۆمەتی قورس و سیخوڕ بۆ وڵاتانی دەرەوەیان خستنە پاڵ. ئەوە لە حاڵێکدا بوو مامۆستایان تەنیا خوازیاری جێبەجێکرانی دواکارییە پیشەییەکانی خۆیان بوون. 

بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ. 
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٠ هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا. 
بەندی ١١- هەر کەسێک هەر تاوانێکی درابێتە پاڵ یا پێی تاوانبار کرابێ، تا لەلایەن دادگایەکی ئاشکرا و بێ لایەنەوە کە هەموو مافەکانی بەرگری لە خۆی پارێزراو بێ، تاوانەکەی دەرنەکەوتبێ، بە بێ تاوان دەژمیردرێ.    
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ. 

RELATED ARTICLES

Most Popular