ئازادکرانی ئەسکەندەر لوتفی بە شێوەی کاتی و دانانی دوو میلیارد تمەن بارمتە 

هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەسکەندەر لوتفی چالاکی پیشەیی و مامۆستایان و خەڵکی مەریوان ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠١-(١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەن بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئێوینی تاران ئازاد کراوە.  

جێگای وەبیرهێنانەوەیە ناوبراو رێکەوتی ١ی مەی ٢٠٢٢ لەگەڵ شەعبان محەممەدی و مەسعود نیکخا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە مەریوان سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر و هەروەها ئازار و ئەشکەنجەی زۆر درابوون. 

ئەم سێ چالاکە پیشەییە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی فەڕانسە دەستبەسەر کرابوون لە بەرامبەریشدا ئەوان تۆمەتەکەیان رەت کردۆتەوە و نەچوونە ژێر باری. 

تا کاتی ئەمادە کردنی ئەم راپۆرتە هەواڵێک لە چارەنووسی مەسعود نیکخا و شەعبان محەممەدی کە لە بەندی گشتی بەندیخانەی ئێوینی تاران بەند کراون لەبەردەستدا نییە. 

شایانی باسە مامۆستایانی خوێندنگەکانی ئێران و کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا و بە تایبەت لە مانگەکانی رابردوودا بۆ ناڕەزایەتی بە جێبەجێ نەکرانی داواکارییەکانیان خۆپیشاندان و ئاکسیۆنیان بەڕێوەدەبرد و تەنیا داوخوازی ئەوان جێبەجێ کرانی داواکارییە پیشەییەکانیان بوو. بەڵام وەڵامی حکومەت و دەزگای قەزایی و ناوەندە پێوەندیدارەکان بەوان ئەوە بوو دەستووریاندا بە ناوەندە ئەمنی و هێزە چەکدارەکان تا بە زمانی سەرکوت و زەبروزەنگ و گرتن و ئەشکەنجە وەڵامیان بدەنەوە و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان دەستبەسەر کران و بەشێکیان هێشتاش لە بەندیخانەکاندا بەند کراون و تۆمەتگەلی ناڕەوا و قورسیان داونە پاڵ. 

بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ. 
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٠ هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا. 
بەندی ١١- هەر کەسێک هەر تاوانێکی درابێتە پاڵ یا پێی تاوانبار کرابێ، تا لەلایەن دادگایەکی ئاشکرا و بێ لایەنەوە کە هەموو مافەکانی بەرگری لە خۆی پارێزراو بێ، تاوانەکەی دەرنەکەوتبێ، بە بێ تاوان دەژمیردرێ.    
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ. 

 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular