بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاژێری ڕابردوودا کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی هێزەچەکدارەکانی حکومەت لە سنووری بانە کوژراوە .
بە پێی راپۆرتی گەیشتوو ؛ سەرلە بەیانی چوارشەممە "٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٢" کۆڵبەرێک بە ناوی " میرزا ئەحمەدی" تەمەن ٤٣ ساڵ خێزاندار ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی ئاوایی "زلە"ی سەر بە بانە ، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری زلەی بانە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی جێگیر لەو سنوورە کراوەتە ئامانجی تەقە کردن و کوژراوە .
بە وتەی سەرچاوەیکی ئاگادار ، تەرمی ئەم کۆڵبەرە لە نەخۆشخانەی شاری بانەیە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە .
پێویستە تێبینی بکرێت کە شەوی سێشەممە "١٩ی بەفرانباری ١٤٠٢" کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "شۆرش خەرگوشی" تەمەن ٣٣ ساڵ خێزاندار و باوکی منداڵێک و خەڵکی ئاوایی "زاویەجیک" سەر بە شاری سەڵماس ، لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییەکانی سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکان کوژرا .