هانا: رۆژی یەکشەممە ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ بەرامبەر بە ٢١ی مارسی ٢٠٢١، کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئیران لە سەر سنووری نەوسوود بریندار بوو.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "بێهرووز مردای" و خەڵکی سەلاسی باوەجانی راگەیەندراوە و گۆیا برینی ناوبراو سەختە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لە وردەکاری زیاتر ئاگادار نین و لە ئەگەر گەیشتنی هەواڵی پێوەندیدار ئاگادارتان دەکەینەوە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی پڕ مەترسییە و ئاکامی بێکاری و گوشارە ئابوورییەکانی سەر خەڵکی کوردستانە.
بێکاری و هەژاری بەرهەمی دابین نەکردنی دەرفەتی کار و سیاسەتی ناکارامەی ئابووری حکومەتی ئێرانە و بە پێی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ کە ئێرانی یەکێک لە واژۆکارانێتی، ناچارە بە بەڕێوەبردنی. بەڵام بە ئاشکرا لە لایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە پێشێل دەکرێ.