بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٧ی ژوئن ٢٠٢٣، دوو کۆڵبەر بەناوەکانی سەبور سەیدی، وسادق (ناسناوی نادیار) خەڵکی ئاوای”کڵاش هۆش”ی جوانڕۆ، لە کاتی کۆڵبەری لە سنوری نەوسوود, لە لایەن هێزە خۆجێیەکانی ج.ا تەقەیان لێکرا کە قاچیان بە سەختی بریندار بوە.
لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی هەینی ١٦ی ژوئن۲۰۲۳، کۆڵبەرێکی دیکە، بە ناوی "فەرزاد ئیمامی"، ٣٥ ساڵە و دانیشتووی پاوە، لە کاتی کۆڵبەری لە سنوری نەوسود لە لایەن هێزە خۆجێیەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی کرایە ئامانج سەر و دەموچاوی بە سەختی بریندار دەبێت.
کۆڵبەری دیاردەیەک کە لە ئەنجامی هەژاری و بێکاریی سیستماتیکی کوردستانەوە سەرهەڵدەدات و خەڵک لەپێناو پێویستی پەنا بۆ کۆڵبەری دەبەن، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵات هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بژێوی خەڵکی کوردستان نادات، بەڵکو کوشتنی کۆڵبەرانیان کردووە بە هەواڵێکی ئاسایی و ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە، بۆ خەڵکی کوردستان.