سەردەشت: گیانلەدەستدانی کۆڵبەرێک دوای ٦ رۆژ بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ 

هانا: “ئاراس محەممەدپوور” خەڵکی سەردەشت کە حەوتووی رابردوو لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران لە سەر سنووری بانە بریندار ببوو، دوای شەش رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ لە نەخۆشخانەی “کەوسەر”ی سنە گیانی لەدەستدا. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، "ئاراس محەممەدپوور" خەڵکی سەردەشت رۆژی سێشەممەی حەوتووی رابردوودا لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە سەر سنووری بانە کەوتبوونە بەر تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران و لە ئاکامدا ناوبراو بریندار ببوو. رۆژی یەکشەممە ٦ی خرمانانی ١٤٠١- (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، ئاراس محەممەدی دوای شەش رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە گیانی لەدەستدا. 

بە وتەی سەرچاوەگەلی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە سەرەڕای ئەوەی لە نەخۆشخانەی "کەوسەر" لە سنە نەشتەرگەری بۆ برینەکانی کراوە بەڵام بە هۆی کاریگەر بوونی برینەکانی کە بە گوللـەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی کەوتبوونە جەستەیەوە، گیانی لەدەستداوە. 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، رۆژی سێشەممە ١ی خرمانانی ١٤٠١ "ئاراس محەممەدپوور" لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە سەر سنووری بانە کەوتبوونە بەر دەسڕێژ و تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت و لە ئاکامدا ناوبراو بە خەستی بریندار ببوو و هەر بەم هۆیەش رەوانەی نەخۆشخانەی "کەوسەر" لە سنە کرابوو. 
شایانی باسە ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular