سەردەشت: کوژرانی کۆڵبەرێکی تر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت 

هانا: رۆژی چوارشەممە ٩ی خرمانانی ١٤٠١ – (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی “ساڵح رەشیدزادە” تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی حەسەن و خەڵکی ئاوایی “قەڵاڕەش” لە ناوچەی سەردەشت لە ئاکامی تەقەی هیزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران لە سەر سنوور پێکراوە و گیانی لەدەستداوە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، ساڵح رەشیدزادە لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "هەنگەژاڵ" لە ناوچەی بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی پێکراوە و گیانی لەدەستداوە. 

شایانی باسە سێ ساڵ لەوە پێش برایەکی ساڵح رەشیدزادە بە ناوی "محەممەد رەشیدزادە" تەمەن ٢٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێک لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "باژار" لە ناوچەی سەردەشت بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی پێکرابوو و گیانی لەدەستدابوو. 

جێگای ئاماژەیە لە ماوەی ١١ رۆژی رابردوو ئەمە چوارەم کۆڵبەرە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەر سنوورەکانی سەردەشت و بانە گیانیان لەدەستداوە. 

رۆژی شەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ – (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، رەحیم محەممەدی تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە بەرزاییەکانی سەر سنووری "هەنگەژاڵ" لە ناوچەی بانە گیانی لەدەستداوە. ناوبراو خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە. 

هەروەها رۆژی هەینی ٤ی خرمانانی ١٤٠١ – (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە سنووری "حەوتاژ" لە بەرزاییەکانی سەر سنووری بانە رێبوار رەشیدی پێکرا و گیانی لە دەستدا. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە و هاوژینەکەشی دووگیانە. 

رۆژی یەکشەممە ٦ی خرمانانی ١٤٠١- (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، ئاراس محەممەدپوور دوای شەش رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە گیانی لەدەستدا. ناوبراو رۆژی سێشەممە ١ی خرمانانی ١٤٠١ لە سەر سنووری بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت پێکرابوو. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular