هانا: رۆژی یەکشەممە ١٣ی خرمانانی ١٤٠١، دوو کۆڵبەر و ئەمڕۆش دووشەممە ١٤ی خرمانان کۆڵبەرێکی تر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی یەکشەممە ١٣ی خرمانانی ١٤٠١، دوو کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون. ناوی ئەو کۆڵبەرانە سوهەیب راستخانە و سۆران ئەیوازە خەڵکی مەریوان راگەیەندراوە.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە ئەم دوو شارۆمەندە لە کاتی کۆڵبەریدا لە سەر سنووری "دووپلوورە" لە ناوچەی مەریوان بە بێ دەنگدان و ئاگادار کردنەوەی پێشوەخت لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە کەوتوونە بەر تەقە و لە ئاکامدا بریندار بوون و دواتر بۆ بنکەیەکی تەندروستی مەریوان رەوانە کراون.
هەروەها لە راپۆرتێکی تردا هاتووە، ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی خرمانانی ١٤٠١، کۆلبەرێک بە ناوی یاسین سەعیدی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "ناوە"، لە ناوچەی "نەنوور"ی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامییەوە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەخت تەقەی لێ کراوە و لە ئاکامدا بە خەستی بریندار بووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە یاسین سەعیدی بە هۆی کاریگەر بوونی برینەکانی بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەیەکی تەورێز گوازراوەتەوە.
شایانی باسە رۆژی یەکشەممە ١٣ی خرمانان چوار کۆڵبەری تر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە سنووری نەوسوود بریندار بوون.