بریندار بوونی دوو کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەی هێزەکانی حکومەت 

هانا: بەپێی دوو راپۆرتی جیاواز کە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، رۆژی دووشەممە ١٤ی خرمانان کۆڵبەرێک بە هۆی تەقینەوەی مین لە سەر سنوورەکانی بانە بریندار بووە. هەروەها لە رۆژی شەممە ١٢ی خرمانان کۆڵبەرێکی تر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەت لە سەر سنوور بریندار بووە. 

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٤ی خرمانانی ١٤٠١، کۆڵبەرێک بە ناوی محەممەد کەریمی خەڵکی ئاوایی "ئارمردە" لە ناوچەی بانە بە هۆی تەقەینەوەی مین لە بەرزاییەکانی "هەنگەژاڵ"ی بانە بە خەستی لاقەکانی بریندار بوون. لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە ناوبراو بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە. 

هەروەها لە راپۆرتێکی دیکەدا هاتووە، بەرەبەیانی رۆژی شەممە ١٢ی خرمانانی ١٤٠١، کۆڵبەرێک بە ناوی زانا ئیسماعیلی خەڵکی مەریوان لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران بە خەستی بریندار بووە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، زانا ئیسماعیلی لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی سنووری "میلە" لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەی لێ کراوە و لە ئاکامدا زیاتر لە ١٥ ساچمە جەستەی پێکاوە و بە خەستی بریندار بووە. دواتر ئەم شارۆمەندە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی بانە کراوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular