بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا لە ماوەی چوار رۆژی ڕابردوودا لانیکەم حەوت کۆڵبەر دوو کۆڵبەری منداڵ و کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەنیزامیەکان لە سنووری بانە بریندار بوون .
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ؛ رۆژی چوارشەممە "٨ی ئازەری ١٤٠٢" دوو کۆڵبەر بە ناسنامەی "کارۆ تەجروبەکار" و ئارمان قاسمی " تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەقز ، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری "هەنگەژاڵی" بانە لە لایەن هێزەنیزامیەکانی جێگیرکراو لەو سنوورە کراونەتە ئامانجی تەقەکردن و بە قورسی بریندار بوون .
ئارمان قاسمی بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەیی پشت ، لاق و دەموچاوی بە قورسی بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ بنکەتەندرووستیەکان گوازراوەتەوە .
هەروەها ڕۆژی سێشەممە "٧ی ئازەری١٤٠٢" ئاروین رەشیدی کۆڵبەری تەمەن ١٩ ساڵ خەڵکی سەقز ، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەنیزامیەکان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی "شەفا" لە سەقز گوازراوەتەوە .
لە درێژەدا ڕۆژی دووشەممە "٦ی ئازەری١٤٠٢" دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی "ئاریا مەعادی" تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی بانە و "فەردین نازداری" تەمەن ٣٣ ساڵ خەڵکی سەقز ، بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەنیزامیەکان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە قورسی بریندار بوون .
بە وتەی سەرچاوەیکی ئاگادار ، ئاریا مەعادی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی بانە گوازراوەتەوە و پاشان بە هۆی قورسی برینەکانیەوە بۆ نەخۆشخانەیک لە تەورێز گوازراوەتەوە و فەردین نازداریش بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدین ئەیوبی بانە گواسراوەتەوە و بە هۆی قورسی برینەکانیەوە لە بەشی چاوەدێری چڕ لە نەخۆشخانە گواسراوەتەوە .
هەروەها ڕۆژی شەممە "٤ی ئازەری ١٤٠٢" دوو کۆڵبەر بە ناسنامەی "زاهیر پاشناو نادیار" خەڵکی بۆکان و محەممەد وەیسی خەڵکی سەقز ، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە لە لایەن هێزە نیزامیەکانەوە تەقەیان لێکراوە و بە قورسی بریندار بوون .
زاهیر کۆڵبەری خەڵکی بۆکان زگ و لاقی بریندار بووە و نەشتەرگەری بۆ کراوە .
