شەوی شەممە ١ی گەلاوێژی ١٤٠١ – (٢٣ی ژولای ٢٠٢٢)، کۆڵبەرێک بە ناوی «سەعدوڵڵا یونسی» تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی ئاوایی «گڵەسوورە» لە ناوچەی بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەر سنووری «ماڵتە» پێکراوە و لە ئاکامدا دواتر گیانی لەدەستداوە و هەروەها برایەکی بە ناوی «عەلی یونسی» بە خەستی بریندار بووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم دوو برایە دوای ئەوەی بریندار بوون بە مەبەستی چارەسەری برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی بانە کراون بەڵام بەداخەوە سەعدوڵڵا یونسی بە هۆی کاریگەریی برینەکانی گیانی لەدەستداوە.
هەر لەم پێوەندییەدا کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی «ئەمیر» و خەڵکی بۆکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بریندار بووە.
شایانی باسە، سەعدوڵڵا و عەلی یونسی خێزاندارن و بە هۆی بێکاری و هەژاری پەنایان بردووەتە بەر کۆڵبەری.