هانا: رۆژی چوارشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (٢٩ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، دامودەزگای راگەیاندنی حکومەتی ئێسلامی ئێران بە فەرمی رایانگەیاند یانەی تۆپی پێی “ئیستقلال”ی تاران گرێبەستەکەی لەگەڵ “وریا غەفوری” کاپیتانی تیمی “ئیستقلال” درێژ ناکاتەوە.
بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ وێنە تویتر لە کاردانەوەدا بە بڕیاری بەرپرسانی یانەی "ئستقلال" بۆ تازە نەکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ وریا غەفوری، بە هەشتەکی "#وریا_تەنیا_نییە" پشتیوانی خۆیان لە وریا غەفوری راگەیاند.
لە ساڵانی رابردوودا رەخنە و لێدوانەکانی وریا غەفوری لە سەر دۆخی نالەباری ژیان و بەڕێچوونی خەڵک، پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی، پشتیوانی لە ژنان و هەڵوێستی دڵسۆزانەی لە سەر رووداوەکانی ئێران، کاربەدەستانی حکومەتی تووڕە کردبوو تا ئەو جێگایەی تینی بۆ خامنەییش هێنا و بە تووڕەییەوە وەدەنگ هات. ئەم هەڵوێستانەی وریا غەفوری کارێکی کرد کاربەدەست و بەپرسانی حکومەت توورەتر بن و لەولاشەوە لە لای خەڵک خۆشەویستتر دەبوو تا ئەو جێگایەی ئیتر خەڵک وریا غەفوری تەنیا وەک ئەستێرەیەکی تۆپی پێ ناناسن بەڵکوو وەک قارەمانێکی بوێر چاوی لێ دەکەن و چووەتە قوڵایی دڵی خەڵکی ئێرانەوە.
شایانی باسە وریا غەفوری لە سەر لێدوان و هەڵوێستی سیاسی و رەخنە و چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ساڵی ١٣٩٨ داوا کرابووە "دادسەرای فەرهەنگ و راگەیاندن" و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو. هەروەها لە مانگەکانی رابردوودا حکومەت بڕیاریدا وێنەی وریا غەفوری لە "سەدا و سیما"ی ئێران سانسوڕ بکرێ و ئەم کارەیان کرد.
سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن بەڕێوەبەری یانەی ئیستقلال "مستەفا ئاجورلوو" یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانە و حکومەت راستەوخۆ لە رێگای ئەم فەماندەیەی خۆیەوە رێگای بە نوێ کردنەوەی گرێبەستی یانەی ئیستقلال لەگەڵ وریا غەفوری گرتووە.