گەنجێکی کورد لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات گیانی لە دەستدا

هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشە لە بنەماڵەی “تالەشی” دەکەن بۆ مەرگی کوڕەکەیان بەدواداچوون نەکەن!

گەنجێکی کورد بەدوای ئەوەیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەستگیر و بۆ شوێنێکی نادیار دەگواسترێتەوە، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دەدات. 
وێڕای ئەوەیکە لەیەکەم رۆژەکانی دەستگیرکردنی "مێهرداد تالەشی" تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران هەواڵی قۆڵبەست‌کردنی ناوبراوی بڵاو کردوە، بەڵام بنەماڵەی ناوبراو سەبارەت بە هەڕەشەی هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم بوارەیوە هیچ لێدوانێکیان نەدابوو. 
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستی تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران گەیشتووە، تەنیا ١ کاتژمێر پاش قۆڵبەستکردنی "مێهرداد تالەشی" و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار، ناوبراو بە هۆی ئەزێت و ئازار ئەشکەنجە لە زیندانەکانی هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەست دەدات. 
مێهرداد تالەشی" ٢١ ساڵە کوڕی "خوسرەو" خەڵکی شاری دیواندەرە و دانیشتووی تاران، کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی رۆژی ٢شەممە لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات قۆڵبەست و بۆ شوێنێکی نادیار دەگواسترێتەوە. 
کاتژمێر ٦ی دوانیوەڕۆیی هەر ئەو رۆژە واتە پاش تێپەڕبوونی ٢ کاتژمێر لە دەستگیرکردنی "مێهرداد" لە لایەن پۆلیسەوە پێوەندیی بە بنەماڵە ناوبراوە دەگیرێت و ئاگاداریان دەکەنەوە کە کوڕەکەیان لە نەخۆشخانەی "بەهارلوو" لە تارانە و پاش سەردانی بنەماڵەی "تالەشی" بۆ نەخۆشخانە ئاگاداریان دەکەنەوە کە کوڕەکەیان گیانی لە دەست داوە. 
شایانی باسە بنەماڵەی ناوبراو رایانگەیاندووە لە کاتی بینینی تەرمی کوڕکەیان، ئاسەواری ئەشکەنجەی پێوە دیار بووە. 
دوابەدوای هەواڵی گوژرانی "مێهرداد تالەشی" لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە جارێکی دیکە هەڕەشە لە بنەماڵەی ناوبراوە کراوە کە لەمبوارەیەوە هیچ زانیارییەک بە میدیاکان نەدەن و بێ‌دەنگی هەڵبژێرن. 

RELATED ARTICLES

Most Popular