بەپێی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە رۆژی یەکشەممە ١٩ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٩ی مەی ٢٠٢١) کۆڵبەرێکی کورد لە بەرزاییەکانی “دەڕە بنار” لە پارێزگای ورمێ کەوتووەتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانەوە و لەتاوان خۆی فڕێداوەتە نێو ئاوی چۆمی “بنار”ەوە و بەداخەوە گیانی لەدەستداوە.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە "فەرزاد جەباری" تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "مەنسووراوا" لە ناوچەی ورمێ راگەیەندراوە. جێگای ئاماژەیە ناوبراو خێزاندارە و باوکی منداڵە.
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٠ی مەی ٢٠٢١)، کاروانێکی کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی سنووری"ماشکان" لە ناوچەی پیرانشار کەوتوونە کەمینی هێزە چەکدارەکانی هەنگی سەرسنوور و کۆڵبەرێک بە ناسنامەی "ئاکۆ قادری" بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە توندی بریندار بووە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
