هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ٣ شارۆمەندی کورد لە ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی، سنە و سەوڵاوا بە هۆی ئەوەی لە کاتی تەکاندنی گوێز لە سەر داری گوێزەوە بەربوونەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی راپۆرتێک کە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە شارۆمەندێکی کورد لە کاتی تەکاندن و رنینی گوێز، لە سەر دارەوە بەربۆتەخوار و گیانی لەدەستداوە. ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "یوسف رەحمانی" و خەڵکی "کەڵاتێ" لە ناوچەی سنە راگەیەنداوە.
بەپێی هەواڵێکی تر، ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٣ی ئۆکتوبری ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لە کاتی تەکاندنی گوێز لە سەر دارەوە کەوتووەتەخوار و گیانی لەدەستداوە. ناسنامەی ئەم شارۆمەندە "مەحموود هاجەری" خەڵکی ئاوایی "هەجمنە" لە ناوچەی سەوڵاوا راگەیەندراوە.
هەروەها هاوکارانی هانا ئاگاداریان کردین رۆژی شەممە ١٠ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لە ئاوایی "هوانداران" لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە کاتی تەکاندنی گوێزدا لە سەر دار بەربووەتەوە و گیانی لەدەستداوە. تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە ناسنامەی ئەم شارۆمەندە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
شایانی باسە لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا ٥ شارۆمەندی کورد لە کاتی تەکاندنی گوێز لە سەر دارەوە بەربوونەوە و گیانیان لەدەستداوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەر رۆژانی رابردوودا هەواڵی گیانلەدەستداونی دوو شارۆمەندی دیکەی بڵاوکردووە کە ئەوانیش هەر لە سەر دارگوێز کەوتبوونەخوار و گیانیان لەدەستدابوو.
بەداخەوە بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی پێشکەوتوو، باخەوان و باخدارانی کوردستان هێشتاش بۆ رنین و تەکاندنی باخەکان و لەوانە داری گوێز، لە ئیمکاناتی سەرەتایی کەڵک وردەگرن و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی رووداوی ئاوا دڵتەزێن و شارۆمەندان دەبنە قوربانی. ئەمە لە وڵاتانی پێشکەتوو بەم جۆرە نییە و جووتیار و باخدارەکان لە ئیمکاناتی ئەمڕۆیی بەهرەمەندن. بەڵام لە ئیران داهات و بووجەی وڵات زیاتر بۆ چەکسازی و پڕ جەک کردنی هێزە چەکدارەکان تەرخان دەکرێ.