گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەک بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە”۶ی گوڵانی ۱۴۰۱، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی “پیمان ئەتمانی”، کوڕی ناجی، خێزاندار و باوکی کچێک و دانیشتوی ئاوای “ئەجواج”ی سەر بە سەڵماس، بەهۆی هەڵەی پزیشکیەوە دوای دوو ساڵ ئازار لە نەخۆشخانەی نەمازی شاری شیراز گیانی لەدەستدا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار : دوو ساڵ پێش ئێستا ناوبراو سەردانی نەخۆشخانەی "ئیمام ڕەزا"ی لە ورمێ کردبوو، لەوێ بە هەڵە دەرزییەکی  لێدراوە کە بووە هۆی ئەوەی ٧٠٪ی بینین و جگەری لەدەست بدات.

بە سکاڵاکانی لەدژی پزیشکانی نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا، کەیسەکە لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە داخرا. ناوبراو بەمەبەستی چاندنی جگەر لە نەخۆشخانەی شیراز نەمازی خەوێندرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان ژمارەی بەدکاری پزیشکی ڕوو لە زیادبوون دەکات، بە وتەی سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکانی دادی زۆرترین سکاڵا لە بەکارهێنانی پزیشکی پەیوەندی بە پزیشکی ژنان و منداڵبوونەوە هەیە.

RELATED ARTICLES

Most Popular