تۆڕی مافی مرۆڤ هانا: بە هۆی نەبوونی ستانداردەکانی ئەمنییەتی شوێنی کار، لە رۆژانی رابردوودا دوو کرێکار لە شارەکانی مهاباد و تیکاب گیانیان لەدەستداوە.
هەروەک لە هەواڵەکانی پێشوودا بە ئاگاداریمان گەیاندبوون دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٤ی رەشەمەی ٩٩ بەرامبەر بە ٤ی مارسی ٢٠٢١، کرێکارێکی تەمەن ٥٤ ساڵ لە مهاباد، لە کاتی کار کردن لە بینایەکی تازەدا بە هۆی ئەوەی بەربۆتەوە ناو چاڵی ئاسانسەری بیناکەوە گیانی لە دەستداوە. بە پێی ئەم زانیارانەی کە بۆ تۆڕی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، ناسنامەی ئەو کرێکارە "حسێن مامەندی" راگەیاندراوە.
ئەم رووداوە لە یەکێک لە بیناکانی بلواری خەبەرنیگار لە مهاباد کە تازە ساز دەکرێن روویداوە و ئەم کرێکارە لە کاتی کار کردندا بەربۆتەوە ناو چاڵی ئاسانسەرەکەوە.
هەروەها هەر لەم پێوەندییەدا ئاگادار کراینەوە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٣ی رەشەمەی ٩٩ بەرامبەر بە ٣ی مارسی ٢٠٢١، "سماییل محەممەدی" کرێکاری شارەوانی تیکاب لە کاتی کار کردندا بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە بریندار و دواتر گیانی لەدەستداوە.
شایانی باسە ساڵی ژمارەیەکی بەرین لە کرێکارانی ئێران و کوردستان بە هۆی نەبوونی ستانداردەکانی شوێنی کار دەبنە قوربانی یا ئەندامانی لەشیان لە دەست دەدەن و لەم بارەیەوە وڵاتی ئێران لە ئاستی جیهاندا لە پلەی ١٠٢ دایە.