بە پێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوونە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ٢ کرێکاری دیکە لە شارەکانی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
یەکێک لەو کرێکارانە لە کاتی هەڵکەندنی چاڵی ئاوەڕۆ لە شارۆچکەی ئیرشادی سنە، بە هۆی هەرەس و رووخانی زەوی لەو شوێنە، گیانی لەدەستداوە. لەم رووداوەدا ٣ کرێکار کە لەوێ سەرقاڵی چاڵ هەڵکەندنی ئاوڕۆ بوون لە نێو خاک و زەویدا ماونەوە.
دوو کەس لەو کرێکارانە رزگاریان بووە بەڵام یەکێک لە کرێکارەکان کەوتووەتە قوڵایی ٤ میتری چاڵەکەوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە.
هەروەها هەر لەم پێوەندییەدا رۆژی شەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (١٠ی ئاوریلی ٢٠٢١)، لە کانزای ئاسنی مەیمووناوا لە دێولان، شۆفیری گەڵابەیەک کە خەریکی چاککردنەوەی ماشینەکەی بووە، بە هۆی پەڕینی جەکی وەتاغی ماشێنەکە گیانی لەدەستداوە. بە پێی هەر ئەم راپۆرتە ئەو شارۆمەندە خەڵکی ناوچەی "موچش" بووە.
تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە ناسنامەی ئەم دوو کرێکارە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نەهاتووە.
پێڕانەگەیشتنی رێکوپێکی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و ئەمنییەتی شوێنی کار، لەولاشەوە کەمتەرخەمی خاوەنکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کارە و ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکار لە ساڵدا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یا بریندار بن. هەر بۆیە وڵاتی ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە و بووەتە وڵاتێکی زۆر نائەمن بۆ کرێکاران.