بە پێی راپۆرتێک کە بە تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ گەیشتووە، شارۆمەندێکی کورد خەڵکی دیواندەرە بە ناوی “مێهرداد تاڵشـی” تەمەن ٢١ ساڵ، کوڕی “خوسرەو” لە تاران لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی رژیمەوە دەستبەسەر کراوە و دوای ٢ سەعات ئەشکەنجە و ئازاری زۆر لە “نەخۆشخانەی بەهارلوو”ی تاران گیانی لە دەست داوە.
شایانی باسە "مێهرداد" لە تاران دەژیا و رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٣ی رێبەندان لە حاڵێکدا کە لەگەڵ خوشکی لە ماڵی خۆیان دانیشتبوون کاتژمێر ١٦ی دوانیوەڕۆ مەئمورانی لیباس شەخسـی رژاونەتە ماڵەوە و لەگەڵ خۆیان بردووە و دەستبەسەریان کردووە. بنەماڵەی "مێهرداد تاڵشی" بۆ بەدواداچوونی کوڕەکەیان سەردانی بنکەی پۆلیسی گەڕەکی خۆیان دەکەن بەڵام وەڵامێک وەرناگرنەوە.
کاتژمێر ١٨ی دوانیوەڕۆ لە لایەن پۆلیسەوە بە بنەماڵەکەی رادەگەیەنن کوڕەکەیان لە نەخۆشخانەی بەهارلوو لە تارانە. بەڵام کاتێک بنەماڵەکەی سەردانی نەخۆشخانە دەکەن هەواڵی مەرگی رۆڵەکەیان پێ رادەگەیەنن.
شایانی باسە تەرمی "مێهرداد تاڵشی" هێشتا نەدراوەتەوە بە بنەماڵەکەی و ئەوانیش شکایەتیان کردووە.