هانا: بەپێی راپۆرتێک کە لەلایەن شووڕای هاوئاهەنگی مامۆستایانی ئێرانەوە بڵاوبۆتەوە، ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت لە هەنگاوێکی تازەدا، “شەعبان محەممەدی” و “مەسعود نیکخا”یان لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین لە تاران گواستۆتەوە.
ئەم دوو ئەندامەی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان، لە پێوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ بنەماڵەکەیان ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردۆتەوە و پێیان راگەیاندوون. جێگای ئاماژەیە مەئموورانی بەندیخانە "مەسعود نیکخا"یان ناچار کردووە بە زمانی فارسی لەگەڵ هاوسەرەکەی بدوێ.
شووڕای هاوئاهەنگی مامۆستایانی ئێران وێڕای راگەیاندنی ئەم هەواڵە و مەحکوم کردنی ئەم کردەوە نایاساییەی دەزگای قەزایی، پشتیوانی خۆیان لەم مامۆستایانە کردووە کە لە ماوەی دوو دەیەدا سادقانە لە رێگای گەشەدان بە ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی پەروەردەی خۆڕایی و گەلێک داواکاریی بەجێ، هەموو ئازارەکانیان بە دڵ و گیان وەرگرتووە. هەروها رایانگەیاندووە، خوازیاری رەخساندنی دادگایەکی دادپەرەور و عادڵن بۆ لێپرسینەوە لەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان. بێ شک لە دادگایەکی دادپەروەر و بێ لایەندا، بێتاوانبوونی ئەو مامۆستا دڵسۆزانە مسۆگەر دەبێ و ئازاد دەکرێن.
ئەم دوو مامۆستا بەندکراوە لەگەڵ "ئەسکەندەر لوتفی" لە رۆژی یەکی مەیدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە لە مەریوان قۆڵبەست کران. سەرچاوەکانی هانا پشتڕاستیان کردووەتەوە لە کاتی گرتن و هەروەها لە ماوەی بەندکرانیاندا مەئموورانی حکومەت بۆ دانپێدانان و وەرگرتنی ئێعتڕافی زۆرەملی ئەشکەنجە و ئازاریان داون.
شایانی باسە، ئەسکەندەر لوتفی ماوەی ٦ رۆژە مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتووە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر دۆخی تەندروستی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.