بڕینی کارەبا بە شێوەی بەرین و بەربڵاو لە کوردستان بەردەوامە و ژیانی رۆژانەی شارۆمەندانی تووشی کێشە و گیروگرفت کردووە. بە هۆی کوژانەوەی چرا سووری سەر چوارڕێکان ترافیک زۆر بووە و هەروەها باس لەوە دەکرێ بەشی خزمەتگوزاری تەندروستیش تووشی کێشە بووە و دەڵێن گیانی نەخۆشەکان کەوتووەتە مەترسییەوە. هەڵبەت بڕانی برق و کارەبا لە پارێزگاکانی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ بڕانی کارەبا لە باقی ناوچەکانی ئێران و بە گشتی ژیانی شارۆمەندانی تووشی کێشە کردووە.
محەممەد عەلی موحسینی بەندپی ئەندامی کومیسیۆنی بێهداشت و دەرمان لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ئێران، باس لە درست بوونی گرفت بۆ پڕۆسەی کوتانی پێکوتەی کۆڕونا بە هۆی بڕانی کارەباوە دەکا و دەڵێ: "بڕانی کارەبا کێشەی بۆ پڕۆسەی کوتانی پێکوتەی کۆڕۆنا پێکهێناوە و چونکە ناوەندە تەندروستییەکان دەزگای فێنککەرەوەیان نییە و هەڵگرتنی پێکوتەکانی کۆڕۆنا پێویستی بە پاراستنی بە شێوەیەکی تایبەتە و ئەمەش بە بڕانی کارەبا تووشی گرفتیان دەکا."
هەروەها ناوبراو گوتی: بنکە تەندروستییەکان ئەرکی کۆتانی پێکوتەی کۆڕۆنایان وەئەستۆیە، ئێستا ئەوان گرفتی زۆر جیددییان هەیە.
بڕانی کارەبا پڕۆسەی دەرمان و پێڕاگەیشتنی نەخۆشەکانی لە نەخۆشانەکان تووشی گرفتی زۆر کردووە. "پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەکان تووشی کێشەیە، چونکە سەرەڕای ئەوەیکە نەخۆشخانەکان ژێنڕاتۆڕی کارەبایان هەیە بەڵام ئەو بەش ناکا و ناکرێ بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ کاریان پێ بکەی. ئەمەش یانی ئەوەیکە بڕانی کارەبا زیان بە تەندروستی خەڵک دەگەیەنێ."
لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئەو راپۆرتانەی هاتوون، زۆربەی ئەو نەخۆشانەی هیلاکن و لە ماڵەوە دەزگای ئۆکسیژنیان پێوەیە، لەبەر ئەوەی ئەم دەزگایە بە کارەبا کار دەکا، ئەو نەخۆشانەش لە مەترسیدان و بڕانی کارەبا دەتوانێ هەڕەشە لە تەندروستی و ژیانیان بکات.
هەروەها بڕانی کارەبا لە کاتەکانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی خوێندکاراندا بووەتە هۆی دروست بوونی کێشە و گرفت. ئەو خوێندکارانەی بڕیار وایە بە شێوەی ئانلاین تاقیکردنەوەکەیان ئەنجام بدەن، بڕانی کارەبا دەبێتە هۆی بڕانی ئینترنێت و لە ئاکامدا ئیمکانی ئەوەیان نابێ لە تاقیکردنەوەکاندا بەشداری بکەن. ئەگەریش تاقیکردنەوەکان لە خوێندنگە و زانستگەکان بەڕێوەبچن، بەگوێری پڕۆتۆکۆلەکانی کۆڕۆنا هۆڵەکان دەبێ بە دەزگای پاڵاوتن و پاککردنەوە هەوا تەیار بن و بە بەردەوامی هەڵکرابن و کار بکەن، بە بڕانی کارەبا ئەوانیش دەکوژێنەوە و لە ئاکامدا ئەم ئیمکانەش هەر تووشی کێشە دەبێ.
وتەبێژی پیشەسازی کارەبا لە باشووری رۆژاوای ئێران وتی خەڵک دەبێ دەست بە کارەباوە بگرن، ئەگەر ئەم کارە نەکەن، بەپێی سیستەمی پاراستنی ناوەندەکانی کارەبا، لەوە زیاتر ناکرێ زەختیان بکەوێتە سەر و تووشی بێ برقی و کوژانەوەیەکی بەرین و بەربڵاو دەبین.
ئەمە لە حاڵێکدایە بەرەو هاوین و وەرزی گەرما دەڕۆین و خەڵک بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ژیانیان پێویستیان بە کەلوپەلی فێنک کردنەوەیە.
